زانکۆی سلێمانی ولیژنەی ئۆڵۆمپی عێراق نامەی لێکتێگەشتنیان ئیمزا کرد

ڕۆژی ۱ی ئایاری ۲۰۲٤، پڕۆفیسۆر دكتۆر كۆسار محەمەد سەرۆكی زانكۆی سلێمانی‌ و پرۆفیسۆر دكتۆر كاوە جەمال رەشید یاریدەدەری سەرۆكی زانكۆ بۆ كاروباری كارگێڕی‌ و دارایی‌ و د.دیار حەمە ڕاگری كۆلێژەکەمان، پێشوازییان لە وەفدێكی لیژنەی ئۆڵۆمپی عیراق كرد‌و نامەی لێكتێگەیشتنیان واژۆكرد.
ئەندامانی وەفدەكە پێكهاتبوون لە د.عقيل مفتن خفي سەرۆکی لیژنەی ئۆڵۆمپی نیشتمانی عێراق، د. حسين العميدي، د بيداء كيلان ئەندامانی مەکتەبی جێبەجێکاری لیژنەی ئۆڵۆمپی عێراقی و هيثم عبدالحميد عبدالحافظ بەڕێوبەری گشتی لیژنەی ئۆڵۆمپی، سرمد عبدالالة بەڕێوبەری دارایی لیژنەکە و السيد ايهاب بەڕێوبەری بەشی یاسایی ئۆڵۆمپی عێراق.
لە دیدارێكدا، هەردوولا گفتوگۆیان لە بارەی بەهێزكردنی پەیوەندی نێوانیان‌ و هەماهەنگی‌ و ئەنجامدانی كاری هاوبەش كرد‌ و سەرۆكی زانكۆ وێڕای بەخێرهاتنی وەفدەكە ئاماژەی بەوەكرد: كۆلێژی پەروەردەی جەستەیی و زانستە وەرزشییەکانی زانکۆکەمان یەكێكە لە بەشە گرنگەكانی زانكۆی سلێمانی‌ و لە ڕێگەی د.دیار حەمە ڕاگری كۆلێژەوە پەیوەندییەكی باش هەیە لەگەڵ زانكۆكانی عێراق. وتیشی: دوایین كۆبوونەوەی وەرزشیمان لە لە زانکۆی سلێمانی پاڵەوانێتی گۆڕەپان و مەیدانی زانکۆکانی عێراق بوو، كە زانكۆی بەغداد لە کوڕان و زانکۆی سلێمانی لە کچان یەكەم بوو لەسەر ئاستی زانكۆكانی عێراق.
سەرۆكی زانكۆ سوپاسی هاوكاری لیژنەی ئۆڵۆمپی عێراقی بۆ بواری وەرزش لە زانكۆی سلێمانی كردو هیوای خواست ئەم پەیوەندییە پتەوتربێت‌ و بەردەوامی هەبێت لە نێوان زانكۆی سلێمانی‌ و زانكۆكانی عێراق‌ و كاری هاوبەش هەبێت لە ڕێگەی كۆبوونەوەی ئەكادیمی وەرزشی هەروەها كۆكردنەوەی كەسانی ئەكادیمی لە ناوەوە و دەرەوەی عێراق .
هەر لەدیدارەكەدا سەرۆكی لیژنەی ئۆڵۆمپی نیشتمانی عێراق لەوتەیەكدا سوپاسی هاوكاری زانكۆی كرد و خۆشحاڵی خۆی نیشاندا بۆ پاڵپشتی‌ و خۆشەویستی زانكۆی سلێمانی بۆ پێشخستنی وەرزش. هیواشی خواست پارێزگای سلێمانی ببێتە وێستگەیەك بۆ كارەكانیان‌ و بەرەوپێشبردنی بواری وەرزشی، دووپاتیشیكردەوە، بەشی وەرزش لە زانكۆی سلێمانی بەشێكی دیار و زیندووە لەسەر ئاستی زانكۆكانی عێراق هەمیشە هاوکاری وەرزشی عێراق بووە بە دابین کردنی هۆڵ و یاریگاکانی بۆ پاڵەوانێتیە نێوخۆی و نێودەولەتیەکان.